13‏/8‏/2013

نوسەری ناوداری کوردی ئەرمەنستان عەرەبی شەمۆ

نوسەری ناوداری کوردی ئەرمەنستان عەرەبی شەمۆ 


زاناو رووناکبیری کورد عەرەبی شەمۆ ساڵی لە گوندی (سوسز)ی ناوچەی قارسی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانلی لە بنەماڵەیەکی سەر بەشێخانی (ئێزید-داسنی) لەدایک بووە، سەرەتا ژیانی بە شوانکاری بەسەر بردووە و دواتر بۆ خوێندن چۆتە گوندی (ئەلکسەندەرۆڤ)و پێش سەر هەڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی روسیاوە خراوەتە زیندانەوە.


دوای بەرپابوونی شۆڕش رووی کردە شاری (ستاڤ رۆپڵ)ی باکووری قەوقاز و چووە ریزی پارتی بەلشەفیکەوە، لە ساڵانی 1920-1924 پەیمانگای خۆرهەڵاتی لە مۆسکۆ تەواو کردووە، دواتر بووە بەنوێنەری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان لە یەریڤان.
ساڵی 1930 بووە بە سەرنووسەری رۆژنامەی (ڕێیا تازە) تا ساڵی 1938 ئەو رۆژنامەیەی بەپیتی لاتینی بڵاوکردەوەو دواتر گۆڕدرا بە پیتی سلاڤی روسی، ساڵی 1932 لە شاری لینینگراد دەستی کردووە بە خوێندنی باڵا و وا بڕیار بوو تێزی دکتۆراکەی سەبارەت بە کوردو رووناکبیری کورد بێت، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت و حوکمی ستالینەوە دەست گیر کراو بۆ ماوەی بیست ساڵ بەرەو سیبیریا دوور خرایەوە.
ساڵی 1946 هەر لە سیبریا کیژێکی رووسی بەهاوسەری ژیانی هەڵئەبژێرێ، دوای مردنی ستالین گەڕایەوەیەریڤان و خۆی بۆ کاری ئەدەبیات و نووسین تەرخان کرد، وێڕای یەکەم هەوڵی لە بیستەکاندا بۆ دانانی (ئەلف و بێ)یەکی کوردی بەپشت بەستن بە پیتی لاتینی زوربەی نووسینەکانی لە گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەو دەمەی سۆڤیەتدا بڵاوکردۆتەوە، لە بواری نووسینی رۆماندا دەچێتە ئاستی نووسەرەناودارەکانی جیهانەوە. بۆ یەکەم جاریش ڕۆمانی بە زمانی کوردی نوسیوە.
لە بەرهەمەکانی: رۆمانی (شڤانی کورد -1930)، رۆمانی (بەربانگ-1957)، (ژیانی بەختەوەر -1959)، (کوردانی ئەرمەنستان-1961). ئەم نووسەرە گەورەیەی کورد ساڵی 1978 بۆ دوا جار ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق